بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە بەرواری ١٢ی ئازاری ٢٠٢٢ی زایینی، مامۆستا «نەجمەددین قادر رەحیم» سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی وەفدێک کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک لە زانایان و بەرپرسانی ئەو یەکێتیە و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەتوای سلێمانی لە بینای سەرکونسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ « دکتۆر«مەهدی شوشتەری»ی سەرکونسول کۆبوونەوە و پیرۆزبایی چل و سێیەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ ئێران خواست.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرکونسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوتە سیاسی، ئابووری، زانستی و رۆشنبیرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد لە ماوەی ٤٣ ساڵی رابردوودا و گووتی: لە گرنگترین دەستکەوتە سیاسیەکانی شۆڕشی ئیسلامی بریتیە لە سەربەخۆیی وڵات و وابەستەنەبوونی بە هیچ هێزێکی دەرەکیەوە.
«مەھدی شوشتەری» جەختی لەوەش کردەوە کە، هەروەها پشتگیری لە موسوڵمانان و ستەملێکراوانی جیهان لە هەمبەر ستەمکاران لە نێویاندا پشتگیری لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین لە ئاست ستەم و داگیرکارییەکانی رژێمی زایۆنی لە بنەما حاشاهەڵنەگرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.ئەمەو لە لایەکی دیکەوە لەم دیدارەکەدا باس و گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی هاوکارییە ئایینی و رۆشنبیریەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کرا.
342/